دیمەنی کۆمەڵێک سەگی بێلانە _ وێنە: 964
1500 سەگ براوەتە شێڵتەر
سەرجەم سەگەکانی هەولێر کۆدەکرێنەوە
توانا نەقی
هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی هەولێر لەلایەن تیمەکانی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بەردەوامە و سەگیش لە شێڵتەرەکەی هەولێر 10 قات زیاتر بووە.
پارێزگای هەولێر سەرجەم هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، کە لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنێکەوە کە خۆیان بڵاویان کردووەتەوە، دەتوانن تیمەکان ئاگادار بکەنەوە و ئەوانیش بیانگوازنەوە بۆ شێڵتەری سەگی بێلانە لە هەولێر.
نەجات نادر ئەندامی تیمی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان بە 964ـی وت، رۆژانە بە دیاریکراوی لە نێوان 50 بۆ 60 سەگی بەرەڵا دەگرن و دەیگوازنەوە بۆ شێڵتەری هەولێر.
وتیشی، ئێستا لە ناو سەنتەری هەولێرن و هەڵمەتەکەیان لە رێگەی دوو تیمی چوار کەسییەوە ئەنجام دەدەن و بەهۆی زۆری سەگەکانەوە نیازیان هەیە تیمەکان زیاتر بکەن.
ئەو گەڕەکانەشی زۆرترین سەگی لێیە، رۆشنبیری، هەولێری نوێ، ژیان، فەرمانبەران، سی و دووی پارک و سەر شەقامی 60 مەترین، ئەو ئەندامەی تیمەکە وای وت.
د.ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگی هەولێر بە 964ـی وت، ژمارەی سەگەکان تا دێت زیاد دەکات و ئێستا گەیشتووەتە 1500 سەگ رۆژانە تیمەکانی ڤێرتێرنەری شێڵتەرەکە نەشتەرگەری و جیاکارییان بۆ دەکەن.
وتیشی، شێڵتەرەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی چاودێری کە دوای نەشتەرگەری چەند رۆژێک لەوێ دەهێڵدرێنەوە و بەشی حەوانەوە کە ئیتر دوای نەشتەرگەری بەرەڵایان دەکەنە گۆڕەپانی تایبەتی خۆیان و تا تەمەنیان هەبێت نان و ئاویان پێدەدرێت و لەوێ دەمێننەوە.
شێڵتەری سەگی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، هەر 10 مەتر دووجایەک بۆ سەگێک دانراوە و واتە جێگەی پێنج هەزار سەگ دەکاتەوە.