بەڵام نایەڵن بفەوتێت
دار توویەکی تەمەن 50 ساڵە هەڵکەندرا
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی دوو سایدکردنی شەقامی کارێزە وشک دارێکی تەمەن 50 ساڵە لە رەگەوە هەڵکێشرا، بەڕێوەبەری باخچەکان دەڵێت، ناهێڵین بفەوتێت.
بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو دار تووەیان لەسەر شەقامی کارێزە وشک هەڵکەندووە، بەهۆی ئەوەی ببوو بە ئاستەنگ لەسەر دوو سایدکردنی شەقامەکە.
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، دار تووەکە تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە، ماوەیەکە چاوەڕوانن تا گەیشتونەتە وەرزی دار رواندن، لەبەر ئەوەی ئەو دارە هەڵکەندراوە و لە گەڕەکی چوارچرا دەڕوێندرێتەوە.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا کاری هەڵپاچینیمان بۆ کرد و بەتەواوی ئامادەبوو، ئەمڕۆ بەشێوازێکی دروست هەڵکەندرا و گواسترایەوە”. ئەمەش وتەی بەهرۆز سالارە.
ئەو دارەی ئەمڕۆ هەڵکەندرا کەوتبووە ناوەڕاستی شەقامی کارێزە وشک و تاقە داری ناوەڕاستی ئەو شەقامە بوو.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی