بڕیارە ئەم هەفتەیە لە سویسڕا بەڕێوەبچێت

ئێران و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان دەکەن

شۆڕش قادری

ئێران و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان دەکەن کە بڕیارە ئەم هەفتەیە لە سویسڕا بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ وەزیری دەرەوی ئێران دەچێتە عومان.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، قەرارە ئەمڕۆ شەممە 11.7.2026 عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بگاتە مەسقەتی پایتەختی عومان و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستدانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.

بەقسەی بەقایی، ئامانجی سەرەکی ئەو سەردانە تاوتوێ کردنی بابەتی گرژی و ئاڵۆزییەکانە لە گەرووی هورمز و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ تێپەڕبوونی کەشییەکان بە سەلامەتی لە گەرووەکە.

هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووتەوە کە ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران لە سویسڕا بەڕێوەبچێت.

هەرچەندە تا ئیستا بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە کە رەزامەندی لەسەر داواکاریی تاران بۆ بەردەوامی دانوستانەکان دەربڕیوە، ئەگەرچی بەقسەی ترەمپ ئاگربەست کۆتایی هاتووە.