"زیانی بە ماڵی گشتی گەیاندووە"
لە کەرکوک سزای “بەندکردنی توند” بۆ بەرپرسێکی تۆمارکردنی خانوبەرە دەرچوو
فەرهاد حەسەن
دەستەی دەسپاکی سزای “بەندکردنی توند”ی بۆ یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانوبەرە لە کەرکوک دەرکرد، چونکە دەڵێت زیانی بە ماڵی گشتی گەیاندووە.
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ هەینی، دەرچوونی بڕیاری حوکمێکی ئامادەیی بە “بەندکردنی توند” بۆ یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند؛ بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە دارایی دەوڵەت گەیاندووە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “دادگای تاوانەکانی کەرکوک / دەستەی دووەم، بڕیاری حوکمێکی ئامادەیی دژی یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە لە کەرکوک دەرکرد، کە سزای بەندکردنی توند بۆ ماوەی دوو ساڵ دەگرێتەوە، بەهۆی تاوانی زیانگەیاندنی ئەنقەست بە ماڵی گشتی”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (340) لە یاسای سزادان و بە بەڵگەی ماددەکانی بەشداریکردن (47، 48، 49) لە هەمان یاسا دەرچووە.
چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە؛ تاوانبارەکە هەستاوە بە راییکردنی مامەڵەی فرۆشتنی خانوبەرەیەک و شێواندنی ژمارەکەی، ئەمەش بە قۆستنەوەی ئەو دەسەڵاتە وەزیفییانەی کە پێی درابوون کە خاوەندارێتی خانوبەرەکە لە بنەڕەتدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک دەگەڕێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ئەنقەست بە دارایی دەوڵەت.
راگەیەندراوەکە ئاشكراشی كردووە، کە دادگا گەیشتووەتە قەناعەتی تەواو بە تاوانباربوونی سزادراوەکە، ئەمەش دوای چاوخشاندنەوە بەو بەڵگە و سەلماندنانەی کە لە دۆسیەکەدا کۆکراونەتەوە، کە تێیدا شتی پێویستی دۆزیوەتەوە بۆ تاوانبارکردن و دەرکردنی بڕیارەکە لە دژی بەپێی پێداویستییەکانی ماددەی حوکمەکە.