تەماتەی ناوخۆ کەمە و نرخی بەرزبووەتەوە
سەندیکای عەلوە لە سلێمانی: هاوردەکردنی تەماتە دەستپێدەکاتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بە هۆکاری ئەوەی تەنیا تەماتەی پێنجوێن لە بازاڕەکان سلێمانی بوونی هەیە و چەند رۆژێکە رێگری لە هاوردەی دەرەکی دەکرێت، رێژەی ئەو بەرهەمە کەمبووەتەوە و نرخیشی بۆ هەزار و 500 دینار بەرزبووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە ناوچەکەی خۆی”پێنجوێن”، نرخی تەماتە لە سەروو هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەکرا و ئەمڕۆ شەممە، لە عەلوەی سلێمانی تا هەزار و 500 دینار بە نرخی کۆ مامەڵەی پێوەکراوە.
سەروەری عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی، لە میانی بەشداریکردنی لە ئەزڵایڤێکی پەیامنێری 964 لە سلێمانی، وتی، پێشبینی دەکەن نرخی تەماتە لە چەند سەعاتی داهاتوو روو لە دابەزین بکات، بە هۆکاری ئەوەی رێگە بۆ هاوردە کراوەتەوە.
بە وتەی سەروەر عەلی، لەهەر دۆخێکدا بەرهەمی ناوخۆ روو لە هەڵکشان بکات، راستەوخۆ لایەنی وەزاری و فەرمانگە ئیدارییەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوەشی وت، “ئەمڕۆ شەممە بڕیارە لە وڵاتی ئێرانەوە تەماتە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەمەش نرخەکەی بۆ 700 دینار دادەبەزێت”.
بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لە کاتێکدایە، لە رۆژی 19ی ئەیلولی ئەمساڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی قەزاکە، بەهۆی ساغنەبوونەوە و هەرزانی نرخی تەماتەوە سەردانی بەغدایان کردوو لە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گردبوونەوە و داوایان کرد هاتنی تەماتە لە ئێرانەوە رابگیرێت.
هەروەها ئەمڕۆ حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەرگەی هاوردەی تەماتە لە دەرەوە دەکرێتەوە بە هۆی پێداویستی ناوخۆ بۆ تەماتە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا