ئامێرە کۆنەکانی لەکارکەوتوون
شێخان داوای هەشت ئامێری نوێ بۆ قەزاکەی دەکات
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
قەزای شێخان چەند ساڵێکە کێشەی نەبوونی ئامێر و پێداویستی هەڵکەندنی هەیە، ئەو ئامێرانەشی ماونەتەوە ئەوەندە کۆن بوون بەشێکیان لەکار کەوتوون و توانای هەڵکۆڵینی هیچیان نییە.
بەوتەی بەرپرسانی ناوچەکە بێت، نەبوونی ئامێری نوێ ئەوەندە کێشەی بۆ قەزاکە دروستکردووە، ئێستا هیچ حەفارەیەکیان نییە بتوانن پێی گۆڕ بۆ مردووانی قەزاکە هەڵبکەنێت.
رۆژی پێنجشەممە سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە 964ی وت، “لە شێخان و تایبەت شارەوانی قەزاکە بە نووسراوێکی فەرمی لە رێگای پارێزگاری دهۆکەوە داوایان کردووە، هەشت ئامێری نوێی کارکردنیان لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دابین بکرێت”.
سایلۆی شێخان: هێشتا %50ی پارەی گەنمی جوتیاران ماوە دابەشبکرێت
قایمقامی قەزاکە هۆکاری داواکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ئێستا هەرچی ئامێریان هەیە زۆر کۆنن و بەشێکیان لەکارکەوتوون. سەردار یەحیا وتی، “بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست، کێشەی نەبوونی حەفارەش لە گۆڕستانەکەی قەزای شێخان سەری هەڵداوە، چەندین ساڵە خەڵکی ناوچەکە بۆ هەڵکەندنی گۆڕێک بە پاچ و خاکەناز و دەست سەرقاڵدەبن، یان ئەوەیە لە دەورووبەری قەزاکە حەفارە بەکرێ دەگرن”.
ئەو ئامێرانەی داواکراون، “گرێدەر، شۆفڵ، قەلاب و حەفارە” و چەند ئامێرێکی دیکەی خزمەتگوزارین، قایمقامی قەزای شێخان ئەوەشی وت،”یەکێک لە ئامێرەکان کە حەفارەیە و داواکراوە، تایبەت دەکرێت بە گۆڕستانی قەزاکە”.
قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 190 هەزار کەسە و 60 هەزار ئاوارەشی لێ هەیە، هەروەک 187 گوند دەکەونە سنوورەکەی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا