مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارێزگای هەڵەبجە - وێنە: 964
لە 17 ساڵدا مۆڵەتی شەش پڕۆژەی وەبەرهێنان بە هەڵەبجە دراوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە کۆی 1157 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنیا مۆڵەتی شەشیان لە هەڵەبجە بوون، دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، بە وەبەرهێنان وتراوە روو لە هەڵەبجە بکەن.
دوێنێ سێشەممە 17.10.2023 ژمارەیەک وەبەرهێن لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە و زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە یەکێک بوو لەوانە و دەڵێت، “باسی ئەو جیاکارییەم کرد بەرامبەر هەڵەبجە کراوە”.
ناوبراو بۆ 964ـی روونکردەوە، زۆرینەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کەوتوونەتە سەنتەری پارێزگا گەورەکان و هەڵەبجە و قەزا و ناحییەکان فەرامۆش کراون.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە، لە کۆی 67 ملیار دۆلاری بەگەڕخراو لە بوواری وەبەرهێنان لە 17 ساڵی رابردوودا تەنیا 39 ملیۆن دۆلاری لە هەڵەبجە بووە.
وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، سەرۆکی حکومەت بە وەبەرهێنەرانی وتووە بچنە هەڵەبجە وەبەرهێنان بکەن بەتایبەت لە بوواری کشتوکاڵی و گەشتیاریدا.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە 964ـی وت، “سەرۆکی حکومەت زۆر هانی وەبەرهێنەرانی دا پڕۆژەکانیان ببەنە هەڵەبجە و دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەکان و بۆ ئەوەش کارئاسانیان بۆ دەکرێت”.