تورکیا پشت بە هێزی بیانی دەبەستێت

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکرانەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی سوپای وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنوور لە سوریا و عێراق، بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە.

بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بوو، کە جگە لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان “هەدەپ”، سەرجەم لایەنەکان دەنگیان پێدا.

یاساکە لە ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار بۆ ماوەی دوو ساڵ نوێکرایەوە و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کراوە.

لە پێشنیازەکەدا هاتووە، “بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا زۆر گرنگە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، کە هاوتەریب لەگەڵ ئەو مافانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دیاریکراون، لە دژی هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشە و کردارێک، کە رەنگە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست بکەن”.

هەروەها دەڵێت، تورکیا پێشوازی لە جێگیرکردنی هێزی بیانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی دەکات بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی “گرووپە تیرۆریستییەکان” بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە سەرۆک کۆمار دیاریی کردووە، ئەم بڕگەیەی پێشنیازەکە رەخنەی توندی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپەی لێکەوتەوە و دەنگیان پێنەدا.