ژمارەیەک بەشداربووی یەکێک لە خولەکان - وێنە: پیجی بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەیی
91 کەس بەشدار بوون
خولێکی هەشت پیشەیی لە سلێمانی کۆتایی هات
پێشەوا محەمەد
خولێکی هەشت پیشەیی لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، کە ماوەی مانگێک بوو بەردەوام بوو و 91 کەس بەشداریان تێدا کردبوو.
خولەکان بێبەرامبەر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی پیشەیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم کرابوونەوە.
خولەکان بریتی بوون لە؛ کۆمپیوتەر، کارەبا، دورمان، دەلاکی، چاککردنی مۆبایل، پێگەیاندنی دادە بۆ باخچەکان و بازاڕگەری.
کەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری راهێنانی پیشەیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو خولانە لەسەر پێشنیازی وەزارەت بەردەوام دەکرێنەوە و “ئامانج لێیان فێرکردنی ئەو دەرچووە دانەمەزراو و بێکارانەن بە پیشەیەک تا ببنە خاوەن پیشەی خۆیان یان لەو بوارەی خول دەبینن لە شوێنێکی تایبەت بە پیشەکە دابمەزرێندرێن”.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەشداریی ئەو خولە پیشەییانەیان کردووە و دوو هەزاریشیان دامەزراون.
“بۆ هەڵبژاردنی پیشەکان رەچاوی بازاڕ کراوە و ئەو خولانە دەکرێنەوە کە ئێستا خواستی زۆریان لەسەرە”، ئەوەش قسەی کەریم ئەحمەدە.