دەکەوێتە ناوچەیەکی قەرەباڵغ

رێگای فڕۆکەخانە و 120 مەتری خۆش بوو

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ یەکێک لە شەقامە گەورە و خۆشەکانی هەولێر کرایەوە، ناوچە قەرەباڵغ و راقیەکانی وەک ئیمپایەر و شاری خەونەکان و دەروبەری لەسەر شەقامی 100 مەتری دەبەستێتەوە بە شەقامی 120 مەتری.

ئەم شەقامە ماوەیەکی زۆر بوو کێشەی لەسەر بوو، چونکە بەناو گوندی رەشکیندا دەڕۆی، خەڵکی گوندەکەش رازی نەدەبوون گوندەکە چۆڵ بکەن و خۆپیشاندانیان دەکرد، دەیانوت بەو قەرەبووە رازی نین کە پێیان دەدرێت، بەڵام دواتر پرۆژەکە هەر دەستی پێکرد.

درێژی شەقامەکە دوو کیلۆ مەترە و پانییەکەشی 36 مەترە، بە درێژی سێ کیلۆ مەتریش ئاوەڕۆ دروستکراوە، ئەم هەموو کارەش بە دوو مانگ تەواو کراوە.

لقێکی ئەم شەقامە رووی لە فڕۆکەخانەی ئەربیلی نێودەوڵەتییە و رێگای زۆر کەس کورت دەکاتەوە.

لە بەیانی ئەمڕۆوە شەقامەکە کرایەوە و ئێستا بێ کێشە ئۆتۆمبێلی پیادا دێت و دەڕوات.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکەدا وتی ”پێشتر [شەقامەکە] تەنیا یەک ساید بوو، هەروەها دیمەنێکی ناشرینیشی بەناو جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەخشیبوو”.