ئاسایش بەدواداچوونی بۆ دەکات
لە هەولێر نووسراو فڕێدراوەتە حەوشەی ماڵانەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئەم نیوەڕۆیە بەبێ ئەوەی خەڵکەکە ئاگاداربن نووسراوێک فڕێدراوەتە ناو ماڵەکانی گەڕەکی موفتی لە شاری هەولێر و داوایان لێدەکات بەشداری بۆنەی ئایینەکانی دیکە نەکەن و تەنانەت یادی مەولودی پێغەمبەریش نەکەنەوە، چونکە ”کافر” دەبن.
کەسێک کە دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە و یەکێ لەو کاغەزانەی لە حەوشەی ماڵەی هەڵگرتۆتەوە و بۆ 964ـی ناردووە، دەشڵێت هەمان کاغەزی لە ماڵەکەی ئەمدیوو ئەودیوویان بینیوە و لە دەر و دراوسێشی پرسیوە، ئەوانیش وتویانە بەڵێ ئەو کاغەزەیان بۆ فڕێدراوە، بەڵام کەسیان نەبینیوە ئەو کارە بکات.
کاغەزەکە ئەی فۆڕێکی دوو دیوە، لە هەردوو دیو چەند ئایەت و فەرموودەیەک نووسراوە و لە هەموویدا دەڵێ نەکەن بەشداری بۆنەی ئایینەکانی دیکە بکەن و نووسراوە ”ئەگەر لاسایی ئەوان بکەنەوە، ئەوا وەک ئەوانن”.
لە خوارەوەی لاپەڕەیەکیان نووسراوە ”ئەم نووسراوە بدە دەستی کەسانی تر، تا کوێرانە لاسایی گاور و خاچپەرستان نەکەنەوە”.
گەڕەکی موفتی، یەکێکە لە گەڕەکە دیارەکانی هەولێر و دەکەوێتە پشت شووقەکانی ئیسکان، ئەو کۆڵانەی 964 کاغەزەکەی تێدا بینی سەروو 15 ماڵ دەبن.
964 لە ئەوقافی هەولێری پرسی ئاگایان لە کارێکی وا هەیە، وتیان نەیانبیستووە بەڵام لێی دەپرسن.
سه‌ید سدیق به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقافی هه‌ولێر، به964ـى وت “له ئایینی ئیسلامدا به هیچ شێوەیه‌ك رێگرى له به‌شداریكردنى بۆنه ناخۆش و خۆشییه‌كانى ئایینه‌كانى دیكه نه‌كراوه و به‌ڵكو پێغه‌مبه‌ر (د.خ) خۆى به‌شدارى كردووه”.
وتیشی ”ته‌نیا له مه‌راسیمه تایبه‌ته‌كانى عیباده‌ت، كه ئه‌ویش تایبه‌تمه‌ندى ئایینه‌كانى هه‌یه هه‌ر ئایینه بۆخۆى ئه‌نجامى ده‌دات دروست نییە عیبادەتی ئەوان دووبارە بکرێتەوە”.
وا دیاربوو ئاسایشی ئەو ناوەش ئاگادار نەبوون، کاتێک 964 لێی پرسین ئەوانیش وتیان ئاگادارنین، بەڵام وتیشیان دەمودەست لێی دەپێچنەوە.
کاتێک ئەم هەواڵە ئامادە دەکرا 964 زانی ئاسایش چووەتە گەڕەکەکە و تەماشای کامێرای چاودێرییان دەکرد تا بزانن کێ ئەو کارەی کردووە.