بۆ ئاوە هاوبەشەکانە

عێراق و سوریا لێکتێگەیشتن بۆ بەڕێوەبردنی رووباری فورات واژۆ دەکەن

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و وەزارەتی وزەی کۆماری عەرەبیی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنووسێکی تەکنیکییان بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە تەکنیکییەکان واژۆ کرد.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ڕوونیکردەوە کە واژۆکردنی ئەم کۆنووسە لە چوارچێوەی پەرۆشیی وەزارەتەکەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە دۆسیە ئاوییە هاوبەشەکاندا، و جێگیرکردنی ڕێڕەوەکانی هەماهەنگیی تەکنیکی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و مافە ئاوییەکانی بپارێزێت و پشتیوانی لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان بکات.

واژۆکردنی ئەم کۆنووسە لە کۆتایی کارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەدا هات کە لە بارەگای وەزارەت لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە سەرۆکایەتی حسێن عەبدولئەمیر بەکە، بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، و ئوسامە خالید ئەبوزەید، یاریدەدەری وەزیری وزەی سوریا بۆ کاروباری ئاو و کارەبا، بە بەشداریی شاندە تەکنیکییە پسپۆڕەکانی هەردوولا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر راسپاردەی موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بووە، لە رۆشنایی ئەو کاغەزە تەکنیکی و تەوەرانەی کە فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون (بەشی توێژینەوەی ئاوە نێودەوڵەتییەکان) ئامادەی کردبوون. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاوکاری بووە لەگەڵ لایەنی سوری لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەماهەنگی، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەستن بە ڕووباری فورات و پرسە جێبایەخەکانی هەردوو وڵات.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی تەکنیکیی ڕاستەوخۆ، بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان پسپۆڕاندا، و پەرەپێدانی هاوکاریی دووقۆڵیی لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەهێزکردنی هەوڵە دامەزراوەییەکانی هەردوو وڵات و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان بکات.