داواکاری پەروەردەی رۆژئاوایە

قوتابخانەکانی ئێواران بخرێنە خانەی دواناوەندییەوە

ئەحمەد مستەفا

پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، ویستی ئەوەی هەیە قوتابخانەکانی دەوامی ئێواران بخرێنە خانەی دواناوەندییەکانەوە، ئەوەش بەهۆی کێشەی زۆریی میلاک.

وەک باسی دەکەن، لە هەندێک قوتابخانەدا لەبەرامبەردا کەمبوونی ژمارەی خوێندکارانیان هەیانە.

بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە گوێرەی بڵاوکراوەیەک رایگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەی ئێواران هەیە، هەندێکیان ژمارەی خوێندکارەکانیان زۆرە و هەندێکی تریان کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 50 خوێندکار.

لە هەمانکاتدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر میلاک مامۆستا و فەرمانبەر لەو قوتانخانانەدا هەیە، بە جۆرێک لە هەندێک خوێندنگادا 60 بۆ 100 خوێندکار هەیە، بەڵام 60 مامۆستا و فەرمانبەری تێدایە.

لەبەرامبەردا، لە هەندێک قوتابخانەی تردا کێشەی کەمیی میلاک هەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە دەکات کە رەزامەندی بدەن لەسەر گۆڕینی قوتابخانە ئێوارانەکان بۆ دواناوەندی.