وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:

“گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاوییە و هیچ وڵاتێک خاوەنی نییە”

شۆڕش قادری

مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوی ئەمریکا رایگەیاند، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاوییە و هیچ وڵاتێک خاوەنی نییە.

لە میانی سەردانەکەی بۆ بەحرەین، وەزیری دەرەوە ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەر بڕیارێک لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئێران بدەن، بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە دەپارێزێت.

باسی لەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بە ئاشتییەکەوە کە ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە تێک نەدات و هەر رێککەوتنێک بکەن، بەرژەوەندی هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە لەبەرچاو دەگرن.

رۆبیۆ بە روونی وتی، هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە پارەی ترانزێت بەسەر گەرووی هورمزدا ​​بسەپێنێت، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاوییە کە هیچ وڵاتێک خاوەنی نییە.

دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر ئێران بیەوێت واز لە هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیاکەی خۆی بهێنێت و سەرنجی لەسەر خۆشگوزەرانی گەلەکەی بێت، ئەمریکا ئامادەیە یارمەتی بدات بۆ ئەو کارە.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدا لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و رایگەیاند، تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز تەنیا لەو رێڕەوانەوە ئەنجام دەدرێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری کردوون و هەر کەشتییەک گوێڕایەل نەبێ، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.