دەیکەنەوە بە سەربازگە
سوپای عێراق دیواری کۆنکرێتی لە سەربازگەی گوندی تۆپزاوا دانا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو هێزەی چەند رۆژە دەیانویست دیواری کۆنکریتی لە چواردەوەری سەربازگەی تۆپزاوا دابنێن، ئەمڕۆ دووشەممە سەرەڕای رێگری خەڵکەکە بەڵام دیوارەکانیان دانا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆری گوندی تۆپزاوا لە دەروازەی گوندەکە وەستابوون و رێگریان دەکرد سوپای عیراق ئەو دیوارانە دابنێن.
سەربازگەی تۆپزاوە دەکەوێتە ناو گوندی تۆپزاوە و سەر بە ناحیەی یایچیە، تەواوی دانیشتووانەكەی كوردن و دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای كەركوك بە دووریی 11 كیلۆمەتر، رووبەری سەربازگەکە 30 دۆنمە.
سوپای عێراق ئەوە چوارەم جارە دەیانەوێت دیواری کۆنکریتی لەبەردەمی سەربازگەکە دابنێن و بیکەنەوە بە سەربازگە، بەڵام خەڵکی گوندەکە دەڵێن، پرۆسەی ئەنفال لەم سەربازگەیە جێبەجێکراوە دەبێت بکرێت بە مۆنۆمێنت و نابێت دووبارە بکرێتەوە بە سەربازگە.
ئەو هێزەی دیوارەکە دادەنێن، سەر بە فیرقەی 11ی سوپای عێراقن.