وەزارەتی ئەوقاف وا دەڵێت
“تەنیا رێژەی %40ی ئەوانەی ئەمساڵ ناویان بۆ حەج تۆماردەکەن دەچنە تیروپشکەوە”
964+
فەهمی نەبی
دوو رۆژماوە بۆ دەستپێکردنی ناو تۆمارکردن بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو، وەزارەتی ئەوقاف لینکێکی بڵاوکردوەتەوە، ئەو کەسانەی لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا ناویان تۆمارکردووە دەتوانن بۆ ناوەکەیان بگەڕێن، هەر کەسێک ناوی هەبێت پێویست ناکات دووبارە تۆماری بکات و ئەو رێژەیە دیاریکراوە بۆ ئەوانەی ئەمساڵ ناویان تۆمار دەکەن.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ 964 وتی، ئەوانەی لەساڵی 2017-ەوە ناویان بۆ پرۆسەی حەج تۆمارکردووە، نزیکەی 38 هەزار کەس دەبن و ئەمساڵ لە پرۆسەی تیروپشک بەشداری دەکەن و رێژەی %60یان پێدەدرێت و ئەوانەشی ئەمساڵ ناویان تۆماردەکەن رێژەی %40یان بەردەکەوێت.
وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، هاوڵاتیان لەرێگەی ئەم لینکەوە، ئەوانەی لەساڵی 2017-ەوە ناویان تۆمارکردووە دەتوانن بۆ ناوەکەیان بگەڕێن.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15.10.2023 پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی 2024 دەستپێبکات و پشکی هەرێم چوار هەزار و 685 کەس پشکی هەرێمە.
نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، ئەوانەی ناویان تۆمار دەکەن دەبێت لەماوەی چوار رۆژ فۆرمەکە بگەڕێننەوە و هاوڵاتی هیچ پارێزگایەک ناتوانێت لە پارێزگایەکی دیکە فۆرم پڕ بکاتەوە.