عێراق و ئوردن یاریان هەبوو

لە هەولێر یارییەکانی پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ بادمنتۆن دەستیپێکرد

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە هەولێر و لە هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی ئەکاد عەنکاوە، یارییەکانی پاڵەوانیەتی بادمنتۆنی رۆژئاوای ئاسیا لە ئاستە جیاوازەکاندا دەستیپێکرد و چەند ئەنجامێک تۆمارکران.

لە یاری تێکەڵ تەمەنی ژێر 15 ساڵان، هەڵبژاردەی عێراق سێ بە دوو لە هەڵبژاردەی ئوردنی بردەوە، هەر لە یاری تێکەڵ تەمەنی ژێر 17 ساڵدا هەڵبژاردەی ئوردن چوار بە یەک لە هەڵبژاردەی سوریای بردەوە، هەروەها هەڵبژاردەی بەحرێن سێ بە دوو لە هەڵبژارەی لوبنانی بردەوە، لە تاکی ژێر 17 ساڵدا هەڵبژاردەی بەحرێن پێنج بە سفر لە هەڵبژاردەی سوریای بردەوە.

نادر مەجید سەرۆکی یەکێتی بادمنتۆنی هەولێر بە 964ی وت، “رکابەرییەکی بەهێزمان کرد لەگەڵ وڵاتان و لە کۆتاییدا سەرکەوتووبووین و توانیمان ئەم پاڵەوانیەتییە بهێنینە هەولێر ئەمەش دوای زیاتر لە 11 ساڵ دابڕان، دڵنیاشم لەوەی پاڵەوانیەتییەکە سەرکەوتووانە کۆتایی پێدێت.

خولەکە پێنج رۆژ دەخایەنێت شەش هەڵبژاردە بەشدارن و چەند وڵاتێکیش بە هۆکاری جیاجیا نەیانتوانی بەشداری لەم پاڵەوانیەتییەدا بکەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی