ئەوە نەما لە هەر شوێنێکی گوندەکەت بتەوێ خانووێک رابەستی

964+

پێشەوا محەمەد

لەمەودوا لە سنووری گوندەکانی قەزای کۆیە بۆ دروستکردنی خانوو جگە لە موختار و بەڕێوەبەری ناحییە یان قایمقام، دەبێت کشتوکاڵیش رەزامەندی لەسەر شوێنەکەی بدات.

پێشتر یەکە ئیدارییەکان شوێنی دروستکردنی خانوویان لە گوندەکان دەستنیشان دەکرد، بەڵام بەشێک لە گوندەکان پڕبوونەوە و جێگەی دروستکردنی خانوویان نەماوە.

تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی وت، “بەم میکانیزمە نوێیە رێگا نادرێت هەرکەس و لە کوێی گوندەکەی بیەوێت باخ و ڤێللا بەناوی دروستکردنی خانووەوە دروست بکات، بەڵکوو سنووری دروستکردنی خانوو لە گوندەکان زیاد دەکرێت و دەبێت هاوڵاتییەکە لەو سنوورەدا خانوو بکات”.

وتیشی، “بۆ ئەو مەبەستە ئێستا کشتوکاڵ هاتووەتە ناو پڕۆسەی رەزامەندیدان بە دروستکردنی خانوو لە گوندەکان و ئەو پڕۆسەیەش بە لیژنە و کەشف بۆ خاوەن داواکان دیاری دەکرێت”.

لە سنووری قەزای کۆیە 180 گوند بوونیان هەیە.

10 پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە کۆیە جێبەجێ دەکرێن

10 پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە کۆیە جێبەجێ دەکرێن