لە 24 کاتژمێردا 150 بتڵ پڕدەکات

لەمەودوا هەر لە بیارە بتڵی ئۆكسجین پڕدەكرێتەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

لە نەخۆشخانەی هەورامان، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین کەوتەکار و رێگەی دووری بۆ هەورامییەکان نزیک کردەوە، لەمەودوا هەر لە بیارە بتڵی ئۆكسجین پڕدەكرێتەوە.

کارگەکە توانای بەرهەمهێنانی 34 مەتر سێجا ئۆکسجینی هەیە لە کاتژمێرێکدا و لە 24 کاتژمێردا 150 بتڵ پڕدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 9.10.2023، د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، کارگەکە توانای دابینکردنی ئوکسجینی بۆ تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی هەورامان هەیە.

“ئەم هەنگاوە و بەو قەبارە زۆرە هەنگاوی یەکەم و کۆتا نییە، دەمانەوێت نەخۆشخانەکە بکەینە ناوەندێکی گرنگ تا هاوڵاتیانمان لە هەورامان بتوانن بۆ پێداویستییەکانیان هەر لە هەورامان چارەسەر وەربگرن و رێگایان بۆ کورتبکەینەوە”، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە وای وت.

لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا ئەمە دووەم کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینە کە لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کار، مانگی رابردووش کارگە و سیستەمی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی نوێی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی گستی ئاشتی لە سۆران کرایەوە.

کارگەکەی سۆران رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 50 مەتر سێجا ئۆکسجینی هەیە و دەتوانێت ئۆکسجین بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی سنوورەکە دابین بکات.