هێرشی هەردوولا بەردەوامە

تادێت ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل و فەلەستین بەرز دەبنەوە

964+

توانا نەقی

شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە و تا دێت ژمارەی بیرینداران و کوژراوان لە هەردوولا رووی لە بەرزبوونەوەیە.

ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلییەکان تا ئێستا بە پێی ئاماری فەرمی ئەو وڵاتە زیاتر لە 700 کەسی تێپەڕاندووە و رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی دەڵێت، مەزەندە دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بگاتە 1000 کەس و زیاتر لە 2200 کەسیش بریندارە، لە کەرتی غەزەش کوژراو زیاترە لە 436 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 2100 کەس.

سوپای ئیسرائیل ئەوەی راگەیاندووە، “هێشتا چەکدارانی حەماس توانای ئەوەیان هەیە بێنە ناو ئیسرائیلەوە، لە هەشت جێگەی جیاواز شەڕ بەردەوامە و تەنیا دوێنێ شەو 500 جێگەمان لە غەززە بۆردومان کردووە”.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رایگەیاند، 12 هاوڵاتی وڵاتەکەیان لە ئیسرائیل کوژراون و 11ـی دیکەش رفێندراون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، یەک هاوڵاتیان لە ئیسرائیل کوژراوە و حەوت هاوڵاتی دیکەیان بێسەروشوێنە.

هەردوولا بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان، بە تایبەت ئیسرائیل، چەک و جبەخانە و هەمەر و دەبابەی بەرەو غەزە رەوانە کردووە و لە ئاسمانیشەوە زوو زوو موشەکبارانی دەکات و باڵەخانەکان تەختی زەوی دەکات.

بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئەم شەڕە شەڕێکی درێژخایەنە، بەڵام سەرکەوتوو دەبن تیایدا و هۆشداری دەدات لەوەی کە غەزە وێران دەکەن.

بەیانی رۆژی شەممە، هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌زه‌، ئۆپه‌راسیۆنی “تۆفانی ئه‌قسا”یان ده‌ستپێكرد و مووشه‌كبارانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئیسڕائیلیان كرد، كه‌ به‌ وته‌ی خۆیان 5000 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ئیسڕائیل كرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ چوونه‌ ناو چه‌ند شوێنێكی ئیسڕائیل و ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ندین شوێن و ئۆتۆمبێل و زریپۆشی سه‌ربازیدا گرت.

ئیسرائیل: سەروو 600 کەسمان کوژراون

ئیسرائیل: سەروو 600 کەسمان کوژراون