نرخیان دەگاتە 1500 دۆلار
جوتیار و خاوەن باخەکانی هەولێر کەروێشکی ئەوروپی دەکڕن
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
بە وتەی فرۆشیارێک بێت، جوتیار و خاوەن باخ “مەزرەعە” کانی هەولێر روویان لە کڕینی کەروێشکی ئەوروپی کردووە و خواستی زیاتریش لەسەر رەنگی سپی و زەردە.
لەسەر شەقامی 30ی مەتری هەولێر، هەفتانە مەیدانی ئاژەڵی ماڵی، باڵندە و پەلەوەر، پڕن لەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن دەکەن، یان بۆ کڕینی ئاژەڵی ماڵی سەردانیان ئەو مەیدانە دەکەن.
شێرزاد خەیلانی، زیاتر لە 10 ساڵە بەخێوکردن و فرۆشتنی کەروێشک بووە بە پیشەی، ئەو زیاتر کەروێشکی بیانی دەفرۆشێت و بە 964ـی وت، “لە هەولێر خواستێکی زۆر لەسەر کەروێشکی ئەوروپیی هەیە، خاوەن باخ و جوتیارەکان دەیکڕن، بە تایبەت رەنگی سپی و زەرد کڕیاری زۆرە”.
بەوتەی ئەو فرۆشیارە بێت، “کەروێشکی ئەڵمانی، هۆڵەندی و بەلجیکی لە بازاڕدا مامەڵەیان پێوەدەکرێ، نرخیان لە 200 دۆلارەوە، دەستپێدەکات تا 1500 دۆلار”.
ئەو جۆرە کەروێشکانە پێنج رەنگیان هەیە، هەروەها هەیانە گوێکانیان قەبارەیان گەورەترە و بە گوێی بەرخە ناسراون، درێژیان زیاتر لە 65 سانتیمەترە، نزیکەی 8 ساڵ دەژیت و بە عەلەف بەخێودەکرێن.
تەنیا کەروێشک نییە، زۆری خواست بەهاکەی بەرزکردۆتەوە، هەر لەو مەیدانەدا مەیموون نرخی 400 دۆلارە و سیخوڕمە بە 75 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا