تورکیا: ئەو درۆنەی خرایە خوارەوە هی ئێمە نەبوو
964+
ژووری هەواڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری تورکیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئەو درۆنەی دوێنێ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان خرایە خوارەوە، هی ئەوان نەبووە.
ئەگەرچی پرسیار لە بەرپرسەکە کراوە ئایا درۆنەکە هی کێ بووە؟ بەڵام رەتیکردووەتەوە وەڵامبداتەوە.
دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەرپرسیارێتی خستنەخوارەوەی درۆنەکەی تورکیای لە حەسەکە لەئەستۆگرت و وتی، “رێوشوێنێکی خۆپارێزی بووە”.
پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێمە درۆنەکەی تورکیامان لە حەسەکە خستەخوارەوە”.
وتیشی، وەزیری بەگری ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کردووە و باسیان لە جموجوڵەکانی تورکیا لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کردووە و “لەگەڵ تورکیا دەبین لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار پێگەی هێزەکانیان نزیکەی کیلۆمەترێک دوورن لە کردە سەربازی و بۆردومانەکانی تورکیا، “ئەمڕۆ کاتژمێر 11:30ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا هاتووەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سنورداری ئێمە، فەرماندەکانی ئەمریکا بە مەترسییان زانیوە و بە فڕۆکەی F-16 خراوەتە خوارەوە”.
بە وتەی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان بۆ ئاژانسی AP کردووە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە، لایەنی تورکیا وەڵامینەداوەتەوە، دواتر درۆنەکە کراوەتە ئامانج و تێکشکێنراوە.