لە موسڵ؛ بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی

964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026، لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانی بارەگایەکی سەر بە لیوای 50ی حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگای نەینەوا کرا.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە هەواڵگری حەشدی شەعبی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، هێرشەکە نزیکەی کاتژمێر 1:30ی دوانیوەڕۆ لە گوندی “باتنایا”ی سەر بە قەزای تلکێف ئەنجامدراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بۆ هێرشەکە بەکارهاتووە “دەستکردی ناوخۆیی” بووە، و هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و زیانی گیانی نەبووە.

ئەمە دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی 24 کاتژمێردا؛ بە وتەی سەرچاوەکە، رۆژی پێنجشەممەش بارەگایەکی دیکەی حەشد لە دەشتی نەینەوا بۆردومان کراوە کە ئەویش تەنها زیانی ماددی هەبووە.

بەپێی زانیارییەکانی 964، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، پێشوەختە سەرجەم بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە موسڵ، کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق چۆڵکراون، ئەمەش هۆکاری نەبوونی زیانی گیانی بووە لەم هێرشانەدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح