هەوڵێک هەیە پاداشتی خانەنشینی بە پێشمەرگەش بدرێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵدایە پاداشتی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەش بگرێتەوە. لیژنەکەیان دەڵێت؛ وەزارەتی دارایی رەزامەند بووە و بەڵینی کارکردنیان بۆ داوە.
هەر فەرمانبەرێکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان خانەنشین ببێت، مووچەی شەش مانگی وەک پاداشتی خانەنشینی پێ دەدرێت. ئەو پاداشتە هێزەکانی ناوخۆش دەگرێتەوە و ئەوان مووچەی ساڵێک وەردەگرن، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە نییە.
+964 لە زاری عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەزانێت، لیژنەکەیان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبووەتەوە و “رەزامەندیی وەزارەتی داراییمان وەرگرتووە.”
دەشڵێت؛ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە قسەیان کردووە و ئەوانیش هەماهەنگن و هیج لارییەکیان لەو بابەتەدا نییە.