بە تورکی قسە دەکات

کەسوکاری گەنجەکەی پیرەمەگروون: کوڕەکەمانیان لە کەمپێکی تورکیا لێ شاردووینەتەوە

پێشەوا محەمەد

نزیکەی مانگێکە گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی پیرەمەگرون لە تورکیا هەواڵی نییە و کەسوکارەکەی دەڵێن، لە کەمپێکدا لێیان شاردوونەتەوە.

گەنجەکە ناوی چیا عەلی رەمەزانە و بە مەبەستی رۆیشتن بۆ ئەوروپا چووەتە وڵاتی تورکیا و لە 5.9.2023ـەوە دەنگی نەماوە، وەک کەسوکارەکەی باسی دەکەن.

رێناس عەلی رەمەزان، برای چیا بە 964ـی وت، “کەسێک لە کەمپێکی تورکیا رەوانەی سلێمانی کراوەتەوە و 20ـی ئەم مانگە گەیشتووەتەوە و دەڵێت براکەمی لەو کەمپە دیوە و لەوێیە، بەڵام ئێمە پارێزەرمان ناردووە و کەمپەکە بە ئێمە دەڵێن رەوانەی کوردستان کراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا، چوونەتە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و لەوێ ناوی براکەی نەبووە کە گەڕابێتەوە.

چیا عەلی رەمەزان لە پیرەمەگروون لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی کاری کردووە، کە کاریان هێنان و فرۆشتنی ئیسفنج و دۆشەک بووە، رێناسی برای دەڵێت، “براکەم دەیتوانی بە تورکی قسە بکات و گومان دەکەم کە گرتبێتیان گومانی رێبەری قاچاخچیان لێکردبێت بۆیە لە ئێمەیان شاردبێتەوە”.

دەشڵێت، “بە نیازین دۆسیەکە بدەینە باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی تورکیا”.