پابەندی رێنماییەکان نەبوون

لە کەمتر لە دوو هەفتەدا 12 شوێنی دەرمان لە هەولێر داخراون

964+
ژووری هەواڵ

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، دوو دەرمانخانە، شەش کۆگای دەرمان و نۆرینگەیەکی لاکۆڵان لەناو شارەکەی داخراون.

وتیشی، ئەو شوێنانە لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر و کواڵێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMC) بڕیاریان لەسەر دراوە، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 20ـی ئەم مانگەش، دوو دەرمانخانە و کۆمپانیایەکی دەرمان هەر لە هەولێر داخران بە هۆکاری “سەرپێچیکردن”.

ئەو شوێنانە لەلایەن تیمی چاودێری بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی KMCA لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان و قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر پشکنینیان بۆ کرا و بڕیار لەسەر داخستنیان درا.

بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەوە یانی لە کەمتر لە دوو هەفتەدا 12 شوێنی دەرمان لە هەولێر داخراون.

هەر ئەوکاتە، قایمقامیەت هۆشداری دایە سەرجەم ئەو شوێنانەی کە مامەڵە بە بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکییەوە دەکەن بۆ ئەوەی پابەندی گشت رێنماییەکان بن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی “سزای یاسایی تووند” دەبنەوە.