خزمەتگوزاری بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن

ددانسازە ئەڵمانییەکان لە کەمپی پەنابەرانن


هێڤی دێوالی – دهۆک

ژمارەیەک پزیشکی ئەڵمانی تایبەتمەند لەبواری ددان گەیشتوونەتە دهۆک و بە شێوەی تیمی گەڕۆک لە کەمپەکاندا خزمەتگوزاری چارەسەری ددان پێشکەش دەکەن.

ئەم پزیشکانە لەگەڵ رێکخراوی IGFM، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە لە کەمپەکانی سنوری پارێزگای دهۆک دەستیان بەکارکردووە.

حەمزە رەزەکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە 964ی وت، ئەم تیمە گەڕۆکە ئەڵمانییە سەردانی سەرجەم کەمپەکانی شاری دهۆک دەکەن بەمەبەستی چاودێری تەندروستی و چارەسەکردنی نەخۆشییەکانی ددان بۆ ئاوارەکان.

تیمەکە نۆ رۆژ بەردەوام دەبن و دەچنە هەر نۆزدە کەمپەکەی دهۆک کە ئاوارەکانی شەنگال و پەنابەرانی رۆژئاوای تێیدا نیشتەجێن.

“ساڵانە بە بەردەوامی ژمارەیەک رێکخراوی تەندروستی و پزیشکانی بیانی سەردانی پارێزگای دهۆک دەکەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری تەندروستی و چارەسەکردنی هاوڵاتیانی کەمپەکان”حەمزە رەزەکی وای وت.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین