حەمەڕەش ٣٠ ساڵە بێ دابڕان شیر دەفرۆشێت

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

حەمەڕەش ئەو پیاوەیه‌، بە قسە خۆشەکانی و شیرفرۆشتن ٣٠ ساڵە خەڵکی رانیەی لە خۆی کۆ کردووەتەوە.

ئه‌م پیاوه‌ ٣٠ ساڵە بێ دابڕان هەموو بەیانییەک لەگەڵ گزنگی خۆر روو دەکاتە ناو بازاڕی رانیە و شیری خۆماڵی دەفرۆشێت.

کڕیارەکانی کرێکار و کاسبکارانی ناوچەکەن و سەرلەبەیانی زوو پێش چوونە سەرکاریان بە خواردنەوەی شیرێک لای حەمەڕەش، رۆژەکەیان ده‌ستپێدەکەن.

حەمەڕەش بۆ 964+ دەڵێت، “بەر لە ٣٠ ساڵ هاوڕێیەکم پێشنیازی ئەم کارەی بۆ کردم، لەبەر دەستکورتیی و هەژاریی بڕیارماندا شیر بفرۆشین، دوای دوورکەوتنەوەی هاوڕێکەم، من وازم لە شیرفرۆشتن نەهێنا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامم”.

خۆشەویستی و رێز لە نێوان ئەو و خەڵکەکە، وای کردووە حه‌مه‌ڕه‌ش تا ئێستا له‌ كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو سوپاسگوزارە بەوەی کارەکەی باشه‌.

“رۆژانە لەگەڵ بانگی به‌یانی لە شوێنەكه‌م ئامادەم و تا کاتژمێر 7 و تا ئەو کاتەی شیرەکە تەواو دەبێت، لێرەم و دواتر دەگەڕێمەوە ماڵەوە”، حەمەڕەش وای وت.

قسەخۆشەکانی حەمەڕەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری کڕیارەکان دووبارە سەردانی بکەنەوە و ببنە کڕیاری هەمیشەیی، ئەمە جگە لەوەی شیرەکەیشی خۆماڵییە و ئەمەش وای کردووە کڕیاری زیاتر سەردانی بکەن.