دووەم ساڵە بەمجۆرە ئامادەکاری دەکرێت

لەترسی لافاو کەندێکی شەش کیلۆمەتری لە هەولێر پاکدەکرێتەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ترسی لافاو، قایمقامیەتی هەولێر کەندی گوندی تەندوورە لە ناحیەی شەمامک پاکدەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24.9.2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ روبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر دەستیانکرد بە خاوێنکردنەوەی کەندی گوندی تەندوورەی ناحیەی شەمامک.

درێژی کەندەکە شەش کیلۆمەترە، لە وەرزی زستان و لەکاتی بارانبارین، لافاو و ئاوێکی زۆری پێدا تێدەپەڕێت.

نزیکەی مانگێکە شارەوانی و قایمقامیەتی هەولێر، هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و زێرابەکانی پارێزگاکەیان دەستپێکردووە.

شارەوانی هەولێر هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێدەکات پاشماوە فڕێنەدەنە ناو زێرابەکان و هاوکاری شارەوانی و تیمەکانی پاککردنەوەی ناو شار بکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی پاییز و زستان تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.