پردێک لە هەڵەبجە دروست دەکرێت و کاتەکەی دیار نییە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
لە هەڵەبجە دەست بە دانانی بەردی بناغە و دروستکردنی پردی توەقووت دەکرێت، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکەی ئامادە دەبن.
بە دروستکردنی پردی توەقووت راستەوخۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەسترێنەوە، بەوەش جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا فراوان دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.9.2023، شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ی وت، “بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەست بە دانانی بەردی بناغەی پردی توەقووت بکرێت، سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بێنە پارێزگای هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پردەکە”.
هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی هێڵی فریاکەوتنی 122
لە بارەی وادەی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە و دەستپێکردن بە کارەکانی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، “رۆژەکەی دیاریکراو نییە، ئەگەری هەیە لەم هەفتەدا بەردی بناغەی پردەکە دابنرێت”.
نزیکەی 30 ملیار دینار بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە، رێگای چوون و هاتن بۆ پردەکەش کە 27 کیلۆمەترە، لەگەڵ پردەکەدا نۆژەن دەکرێتەوە، کە لە بازگەی زەمەقی “دەروازەی شار” دەستپێدەکات تا پردی توەقووت و قیرتاو دەکرێن، ئەو رێگەیەش پەیوەستە بە ئەو گوندانەی دەکەونە سەر ئەو رێگاکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا