کارمەندانی تەندروستی دەسەڵاتی “ئیحالە”کردنی نەخۆشیان نییە 

964+
ئەحمەد مستەفا

نەخۆشخانە گشتییەکانی سلێمانی، بەبێ واژۆ و مۆری پزیشک نەخۆشی رەوانەکراو “ئیحالە” وەرناگرن، “ئەمە رێنماییە”، بە وتەی سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید رەوئوف بەگ بێت، “بە هۆکاری نەبوونی واژۆ و مۆری پزیشک، بەشێک لە ئیحالەکان، بە تەکلیف وەردەگیرێن”.

هەر نەخۆشێک پێویستی بە رەوانەکردنی بەپەلە هەبێت، دەبێت لە ناوچەی نیشتەجێبووی خۆی پزیشکی ئامادەبوو رەزامەند بێت و جۆر و دۆخی نەخۆش ئاماژە پێ بدات، تا نەخۆشخانە فەرمییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ئەم دەسەڵاتە بە کارمەندەکانی بەشی فریاکەوتن و پەرستارەکان نەدراوە.

نزیکەی سێ هەفتەیە، زۆرێک لە کارمەندی ناوەند و بنکە تەندروستییەکانی قەزا و ناحیەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە، بە هۆکاری پێنەدانی موچەکانیان، هەندێک لە نەخۆشخانەکان کارمەندی خۆبەخش یان ئیشکگرێک بۆ رێنمایی پێدانی رووداوە کتوپڕەکان دەوام دەکەن، بەڵام توانایان دیاریکراوە و دەسەڵاتی بڕیاردانیان پێ نییە.

شەوی رابردوو کرێکارێک بەهۆی داخستنی نەخۆشخانەی گشتی شارەزوور گیانی لەدەست دا، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بە 964ی وت، “سەرەتای بایکۆتەکە بە دەوامنەکردنی پزیشکانی موقیم و دەوری دەستیپێکردووە و کارمەند دەوامی دەکرد لەبەشی فریاکەوتن، بەڵام کارمەندی تەواری نەیدەتوانی “ئیحالە” بکات”.

"بە هۆی بایکۆتەوە یوسفی دوو مانگان گیانی لەدەست دا"

وتیشی، “هەر لەوکاتەدا 2 بۆ 3 ئیحالە کرا، لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی وەرنەدەگیران بە بیانووی نەبوونی واژۆ و مۆری پزیشک، ئەو سێ ئیحالەیەش بە تەکلیف وەرگیران، داواکرا لە رێگەی یاساییەوە کارمەند بە نووسراوێک پشتگیریی بکرێت بتوانێت ئیحالە بکات، بەڵام تەندروستیی سلێمانی نەیتوانی ئەو دەسەڵاتە بدات بە کارمەندی تەندروستی و داواکاری گشتیش وتی ناکرێت”.

بە وتەی ئەو سەرچاوە بەرپرسە بێت، کارمەندانی بەشەکان نەیانتوانیوە، لە یەک کاتدا کە پشتگیریی یاسایی و ئیدارییان نەبێت، بەرپرسیاریەتیی رەوانەکردنی نەخۆش بگرنە ئەستۆ، هەربۆیە تەندروستیی گشتیی سلێمانی دەیەوێت میکانزمێکی ئیداری کاتی بدۆزێتەوە، بۆ مامەڵە لەگەڵ ئیحالەکردنی رووداوە کتوپرەکان.

تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە هۆی بایکۆتی کەرتی تەندروستییەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵێکی دوو مانگە بوو.