موچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی

رەنگە پێش سەری ساڵ هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی بانکی نیشتیمان


ژووری هەواڵ

دوو ساڵە وەزارەتی بارزگانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دامەزراندنی بانکێکە بەناوی “بانکی نیشتیمان”، ئێستا رێکارەکان بەرەو کۆتایی دەچن و بەپێی زانیارییەکان پێدەچێت پێش سەری ساڵی 2024 بکرێتەوە.

وەرگرتنی موچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی

بەگوێرەی ئەو پلانەی خراوەتەڕوو، ئەو بانکە بەشێک دەبێت لە بانکی ناوەندیی عێراق و ئیتر لەوێوە بەشەبودجەی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەکانی حکومەتی هەرێم.

چاوەڕێدەکرێت هەر لەو بانکەوە موچەی فەرمانبەران بە ئەلیکترۆنی بکرێت و لە رێگەی لقەکانیەوە بتوانرێت بە کارت رابکێشرێت.

هەر مانگێک بۆ دوو مانگی ماوە

بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، دامەزراندنی بانکەکە تەنیا هەندێک رۆتیناتی ماوە لە بانکی ناوەندیی، رەنگە تاوەکو مانگێک یان دوو مانگی دیکە تەواو ببێت.

وتیشی، بانکەکە باوەڕپێکراوە و هەر ئۆفەر و خزمەتگوزارییەک لە بانکی ناوەندیی عێراق هەبێت ئەوا لە بانکی نیشتیمانیش دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، کازم نامیق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی عێراق/لقی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، روون نییە کەی رێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتیمان تەواو دەبن.

دەبێتە دەستەخوشکی رافیدەین و رەشید و TBI

بانکی ناوەندیی عێراق چەندین هاوبەشی دیکەی هەیە وەکو بانکی رافیدەین، بانکی رەشید و بانکی TBI، کە هاوڵاتیان و موچەخۆرانی عێراقی بۆ کاروبارەکانیان سوودیان لێدەبینن، چاوەڕێدەکرێت بانکی نیشتیمانیش بچێتە ریزی ئەوانەوە.