لە باخچەیەکی هەولێر دەتوانیت خواردن لەگەڵ خۆت ببەیت و سەیری فیلم بکەیت

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ماوەی هەشت رۆژە لە باخچەی گڵکەندی هەولێر چالاکی نیشاندانی فیلم و پێشانگای خواردنی کلتوری کراوەتەوە، بڕیارە یەک مانگ بەردەوام بێت.

گروپی نایت سینەما بە چالاکیەکە هەڵساون، ژمارەیەک فیلمیان هەڵبژاردووە و داوا لە خەڵک دەکەن بچن بۆ سەیرکردنی، ئەوەش دەڵێن، هاوڵاتیان دەتوانن خواردن و رایەخ لەگەڵ خۆیان بێنن، لە باخچەکە نان بخۆن و سەیری فیلم بکەن.

لە چالاکیەکە، خواردنی کوردی، بەرهەمی خۆماڵی، کاری دەستی و خواردنی کۆری نمایش دەکرێت.

د.محەمەد عەلی رێکخەری پێشانگاکەیە بە 964ی وت، چالاکیەکە ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، هەموو ئەو فیلمانەی هەڵبژێردراون لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری رەزامەندیان پێدراوە، هاوکات لەلایەن پارێزگای هەولێر و ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رەزامەندی پێدراوە.

“چوار فیلم لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری رەتکراونەتەوە، لەبەر ئەوەی دیمەنی ترسناکی تێدابووە” د.محەمەد عەلی ئەمەی وت.

بەوتەی رێکخەری چالاکیەکە، ئەوە یەکەمجارە چالاکی سینەمایی لەمجۆرە هەبێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی