لیژنەی ده‌سپاكی په‌رله‌مان؛ تێبینییان له‌سه‌ر خەرجییەکان و دارایی سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌یه

+964

‌فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لیژنه‌ى ده‌سپاكی په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌رقاڵى پێداچوونەوەیە به‌ خه‌رجی و داهاته‌كانى ئه‌مساڵی په‌رله‌مان. جێگرى سه‌رۆكى لیژنهکەش دەڵێ؛‌ لەڕووى داراییه‌وه‌ هه‌ندێ گله‌ییمان له‌ خه‌رجی و داهاته‌كانى په‌رله‌مان هەیەو به‌نووسراوى فه‌رمیش ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌.

سه‌عید مسته‌فا ته‌ته‌رخان، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌سپاكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ +964ـی راگه‌یاند،‌ له‌ڕووى ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردنى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان، هیچ ره‌خنه‌و تێبینییه‌كمان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان نیه‌، به‌ڵام لەڕووى داراییەوە‌ وه‌كو لیژنه گله‌یی و تێبینیمان هه‌یه‌.

“ئەمەمان به‌ نووسراوى فەرمى داوە بە‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و، داوای داهات و خه‌رجی ساڵى 2022 ـمان کردووە کە بۆمان بنێرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانناردووه”.

ئەو پەرلەمانتارە بە مافی لیژنه‌ى ده‌سپاكی دەزانێ ئاگادارى ورده‌كارى خه‌رجی و داهاته‌كانى په‌رله‌مان بن و وتی “له‌ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا تێبینیمان له‌سه‌ر بابه‌تى خانوو و شوققه‌كانى په‌رله‌مانتاران هه‌بوو، بۆ ئه‌مه‌ش تێبینییه‌كانى خۆمان به‌ نووسراو ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردووه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و نووسراوه‌ى ئێمه‌ش سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی پێكهێنا و لێپرسینه‌وه‌ى كارگێڕییان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ كرد كه‌ پێویستییان به‌ لێپرسینه‌وه‌ هه‌بوو”.

سه‌عید مسته‌فا ته‌ته‌رخان، ئه‌وەش‌ روونده‌كاته‌وه‌ کە سەرقاڵی خه‌رجی و داهاته‌كانى په‌ر‌له‌مانه‌ بۆ ئه‌مساڵ کە داهات چەند بووەو چەندیشی خه‌رج كردووه‌و چۆنیشی خه‌رجی كردووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش “رۆژی یه‌كشه‌ممهی داهاتوو‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى په‌رله‌مان كۆده‌بینه‌وه‌”.

به‌پێی قسه‌ى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌سپاكی، بودجه‌ى ساڵانەی پەرلەمان، له‌ چوار ساڵى رابردوودا بڕه‌كه‌یان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكبووه‌.