تانکەرێکی سووتەمەنی. وێنە:964+
لە گرژییەکانی گوندی تەلان کەسێک برینداربوو
دیلان محەمەد جەزا
ئەمشەو شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان خەڵکی گوندی تەلان و شۆفێری تانکەرەکانی پاڵاوگەی دوکان دروست بوو، سەرئەنجام کەسێک بریندارە.
پێشەوا مەجید شۆفێری تانکەر بە 964ی وت، ئەمڕۆ کێشەکەیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا چارەسەر کراوە، بەڵام رێگایان پێگرتونەتەوە و تەقەیان لێکردوون و بە چەقۆ هێرشیارن کردوونەتە سەر.
بەوتەی ئەو شۆفێری تانکەرە، “لە ئەنجامدا یەکێک لە شۆفێرەکان بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە، نزیکەی 10 تانکەریشیان بە بەرد زیانیان پێگەشتووە”.
لەبارەی رووداوەکەوە، عەمید عادل ساڵح بەڕێوەبەری پۆلیسی دوکان بە 964ی وت، “پۆلیس چووەتە شوێنی شەڕەکە و کۆتایی بەو گرژییە هێناوە، ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین”.
لەبارەی چارەنووسی بریندارەکە، بەڕێوبەری پۆلیسی دوکان وتی، “لە ئەنجامی گرژییەکان یەک کەس بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە لە سلێمانی”.
رۆژی 12.9.2023، دانیشتوانی گوندی تەلان لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی، رێگای گوندەکەیان بەڕووی شۆفێری پاڵاوگەی تەلان داخست و نەیانهێشت هیچ بارهەڵگرێک بچێتە ناو پاڵاوگەکە.
964 لە دانیشتووانی گوندەکەوە ئەوکات زانی، “ئەوان داوای دامەزراندن لە کۆمپانیاکە دەکەن و دەشیانەوێت ئەو شۆفێرانەی تانکەریان هەیە و دانیشتووی گوندەکەن، لە پاڵاوگەکە کاریان پێبدرێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا