سەدان کچ و کوڕ بەشدارن
سبەی لە هەولێر پێشبڕکێی زیرەکی بیرکاری بەڕێوەدەچێت
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە رۆژی هەینی رێکخراوێک پاڵەوانیەتی Magic Math توانای هزری بەڕێوەببات و سەدان قوتابی لەتەمەنی جیاواز بۆ ماوەی 15 خولەک بچنە کێبڕکێ بیرکاریەوە.
پەریخان ئەحمەد سەرۆکی رێکخراوی ئارسان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ئەو کێبڕکێیەی بەیانی ئەنجامی کارکردنی یەکساڵەیە، ئێمە 100 راهێنەرمان هەیە، ئەوان منداڵەکان لە هەموو شارەکانی کوردستان و عێراق هەڵدەبژێرن، تەنانەت منداڵانی شاری موسڵ و بەغدا بەشداری دەکەن”.
بەوتەی پەریخان ئەحمەد، کێبڕکێیەکە بە دوو شێوازە، شێوازی یەکەمی لەڕێگەی ئامێرێکە بەناوی ئاپاکۆس 25 پرسیار دەدرێتە قوتابییەکە، لەماوەی حەوت خولەک و نیو دەبێت شیکاری بکات، و شێوازی دووەمی لەڕێگەی خەیاڵ ژمارەکان شیکار دەکات ئەویش هەر بە حەوت خولەک و نیو بەکۆی گشتی دەبێت لەماوەی 15 خولەک پرسیارەکان شیکار بکات.
وا بڕیارە لەئەنجامی پەڵەوانیەتیەکە چوار منداڵ هەڵبژێردرێن، لەکۆی هەشت ئاست، رێکخەری پاڵەوانیەتیەکە دەڵێت، ئەو چوار کەسە مافی ئەوەیان هەیە بچنە ناو کێببڕکێی نێودەوڵەتی.
رێکخراوی ئارسان پاڵەوانیەتیەکە بەڕێوەدەبات، دوو ساڵە کار بۆ هەڵبژاردنی زیرەکترینەکان دەکەن لە بیرکاری، بەرێوەبەری ئەو رێکخراوە دەڵێت، بۆیە لە مانگی 9 ئەو کێبڕکێیە بەڕێوەدەچێت، چونکە لە هاوین منداڵەکان راهێنان دەبینن بۆ بەهێزکردنی بیرکاری لەو بارەیەوە.
پەریخان ئەحمەد دەڵێت، ئەوەی سبەی جیاوازە چەندین منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و چوار منداڵی ئۆتیزم لە کێبڕکێیەکە بەشدارییان پێکراوە و بەگشتی 220 منداڵ بەشداری دەکەن.