دوو رێکخراو بایی 16 ملیۆن دۆلار پێداویستی پزیشکیان بۆ هەرێم کڕی

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دوو رێکخراو بایی 16 ملیۆن دۆلار دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 18.9.2023، د. ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 80٪ـی ئەو پارەیە بۆ دەرمانی دژە شێرپەنجە تەرخانکراوە و بڕەکەی دیکەشی بۆ دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئامێر و پێداویستی پزیشکییە.

بەشێک لە دەرمانەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان دابیندەکرێت و لەو جۆرانەن کە بە ئاسانی لە بازاڕدا دەستناکەون، بەپێی پێویستی دابەشدەکرێن بەسەر پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی.

تیمێکی پزیشكى ئەمریکی نه‌شته‌رگه‌رى بۆ منداڵانى دهۆ...

تیمێکی پزیشكى ئەمریکی نه‌شته‌رگه‌رى بۆ منداڵانى دهۆك ده‌كه‌ن

ئەو دوو رێکخراوەی پارەکەیان دابینکردووە پێکهاتوون لە رێکخراوەکانی مەینی نەرویجی و دەزگای خێرخوازی بارزانی. لەزگین جەمیل، نوێنەری رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی لە هەرێمی كوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند، “ئێمە هەوڵ دەدەین لە هاوكارییەكان بەردەوام بین و چەندین رێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتیش بێنینە هەرێمی كوردستان”.

دەرمانەکان کڕدراون و لەسەر پشتی شەش بارهەڵگر گەیەندراونەتە هەرێمی کوردستان.

بە وتەی نوێنەری رێكخراوی مه‌ین، پێشتریش ئەو دوو رێکخراوە بایی دوو ملیۆن دۆلار دەرمانیان بۆ هەرێمی کوردستان دابینکردووە و پلانیان وایە کە بۆ ئەمساڵ بایی 30 ملیۆن دۆلار دەرمان بۆ هەرێم بکڕن.