لە تۆپی دەستی عێراق سلێمانی رووبەڕووی سێیەم شکست بووەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی لە خولی عێراقدا رووبەڕووی سێیەم شکست بووەوە.

لە شاری بەغدا رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق درێژەی هەیە، یانەی سلێمانی لە سێیەم یاری خۆی لە خولەکەدا رووبەڕووی سەماوە بووەوە، لە دوو یاری پێشوودا دوو شکستی تۆمارکردبوو، هەربۆیە لەم یارییەدا یاریزانانی سلێمانی هەوڵیان ئەدا بە ئەنجامێکی باشەوە کۆتایی بە یارییەکە بهێنن.

کاتژمێر 1:00 ناوبژیوان فیکەی دەستپێکی یارییەکەی لێدا و یاریزانانی سلێمانی بەهێرشبردن دەستیان بە یاری کرد، هەوڵەکان بۆ ئەوە بوو کە لەم یارییەدا بە ئەنجامێکی باش بێنەدەرەوە، بەڵام یاریزانانی سەماوە توانیان بە جیاوازی سێ گۆڵ و بە ئەنجامی 27 گۆڵ بەرامبەربە 24 گۆڵ یارییەکە ببنەوە و یانەی سلێمانیش تووشی سێیەم شکستی لەسەریەک بوون.

رابەر محەمەد یاریزانی یانەی سلێمانی بە 964ـی وت، یاریزانانی تیپەکەیان لە ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتوانن هەربۆیە ئەنجامەکانیان وەک پێویست نیین.
وتیشی، هەرچەندە لە خولەکەدا هیچ یانەیەک دانابەزێت بەڵام گرنگ بوو کە تیپەکەیان لەم خولەدا ئەزمونێک وەربگرێت.

هەرچەندە بڕیار بوو لە یاری سبەی رۆژی دووشەممە یانەی سلێمانی بەرامبەر بە حەشدی شەعبی یاری بکردایە، بەڵام سەرچاوەیەک بە 964ـی راگەیاند کە یانەی سلێمانی ئەو دوو یارییەی کە ماوە ئەنجامی نادات و دەگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی