هەناردەی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌مریكا دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئه‌مڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە رێژەی زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە بەرزبووه‌ته‌وه‌، کە هەفتەی رابردوو هەناردە کراوە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەکردووە، “تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە حەوت وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 346 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی رابردوو 524 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە.

ئیداره‌ی زانیاریی وزه‌ی ئه‌مریكا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “هەفتەی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە تێکڕا گەیشتووەتە 248 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو 148 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە، کە بە تێکڕا گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا”.

هەروەها ئیدارەی ئەمریکا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، زۆرترین داهاتی نەوت بۆ ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە کەنەداوە بە تێکڕا 3.645 ملیۆن به‌رمیل لە رۆژێکدا بووە، لە دوای ئەویش مەکسیک دێت بە تێکڕا 1.095 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، داهاتی نەوتی بەرازیلیش گەیشتووەتە 545 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، پاشان سعودیە بە تێکڕا 383 هەزار بەرمیلی رۆژانه‌.

بە گوێرەی ئه‌و خشتەیه‌ی ئیداره‌ی وزه‌ی ئه‌مریكا بڵاویكردووه‌ته‌ە، بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نەیجیریا بە رێژەی 219 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کۆڵۆمبیاشەوە بە رێژەی 211 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووه‌، لە کاتێکدا هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی خاوی له‌ رووسیا، لیبیا و ئیكوادۆر هاوردە نه‌كردووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌وه‌ته‌ی مانگی ئاداری رابردووه‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ وه‌ستاوه‌