کۆبوونەوەی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی بەغدا. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
دوای کۆبوونەوەکان
سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەشبینە سەبارەت بە هاتنی موچەی فەرمانبەران
964+
ژووری هەواڵ
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و چەندین لایەنی دیکەی عێراقی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی وت، گەشبینە سەبارەت بە هاتنی موچەی فەرمانبەران.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە دیاریکراوی وتی، “ئێمە بە ئومێدین، چاوەڕێ دەبین تاوەکو کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران [عێراق]، زۆر زۆر گەشبینم لەوێ بڕیاری باش بدرێت”.
شاندەکەی هەرێم کێ و کێ بوون؟
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە بەغدا، لەسەر ئاستێکی باڵا بوو، سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی، وەزیری دارایی و ناوخۆ و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی حکومی بەشدار بوون.
لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و ژمارەیەک لە بەرپرسی حزبە دەستڕۆیشتووەکانی عێراق کۆبوونەوە.
عێراق چی دەڵێت؟
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بەشەبودجەیە، هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون بە رێکەوتنەکانیان.
حکومەتی عێراق دەڵێت، بۆ ماوەی چەند مانگی رابردوو کاتێک هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرابوو، حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی بۆیان نەناردووە تاوەکو بەشەبودجەی بۆ بنێرن.
حکومەتی عێراقی دەشڵێت، ئەگەر نەوت نەبووبێت، حکومەتی هەرێم دەیتوانی داهاتی ناوخۆ و داهاتی سنورەکانی بۆ بنێرێت.
حکومەتی هەرێم وەڵامی چییە؟
لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگیرانی هەناردەی نەوت لەدەستی خۆیدا نەبووە و ناچار بووە داهاتەکانی دیکەش لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە چونکە موچەی فەرمانبەرەکانی لەئەستۆدایە.
هەروەها حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی داوا دەکات، حکومەتی ناوەندیی سەرجەم شایستە داراییەکانی بۆ بنێرێت.