به‌شێكی تری ئاواره‌كانى سه‌ر چیاى شنگال گه‌ڕانه‌وه زێدی خۆیان
+964
عەمار عەزیز – دهۆك
٨٩ خێزانی ئاوارەی ئێزیدی، كه ماوه‌ى زیاتر له هه‌شت ساڵه لە کەمپێكی سه‌رچیای شنگال بوون، گه‌ڕانه‌وه زێدی خۆیان، هێشتا زیاتر له ٥٠٠ خێزانی تر له‌و كه‌مپه ماون و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM یش هاوكاریان ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان.
ئەمڕۆ ١٩ ـی کانونی یەکەم، ٨٩ خێزانی ئاوارەی ئێزیدی لە کەمپی سه‌رده‌شتى سه‌ر چیاى شنگال گه‌ڕانه‌وه ناوەندی ناحیەی گرعوزێر كه زێدی خۆیانه.
عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری ئه‌و کەمپه به +964ـی راگه‌یاند، سەرەتا دوو هەزارو ٣٠٠ خێزان له‌و كه‌مپه بوون، بەڵام وردە وردە ده‌گەڕێنەوە شوێنەکانیان، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ٨٩ خێزانه‌ی ئه‌مڕۆش، ٥١١ خێزان لەکەمپدا ده‌مێننه‌وه”.
+964 بیرتان ده‌خاته‌وه كه لەمانگى ئابی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی كرده سەر شنگال و دەوروبەری ، خەڵکێكی زۆرى ئه‌و ناوچانه ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەشێک له ئاوارانه‌ش لەچیای شنگال مانەوە، دواتر حکومەت خێوەتی پێدان و بەفەرمیش کرا بە کەمپی سەردەشت لەچیای شنگال.
ناوبراو وتیشی “ئێستا ٥١١ خێزان لەکەمپدا ماون ئەوانیش چاوەریێ ئەوەدەکەن حکومەت و رێکخراوەکان هاوکارییان بکەن تا بگەرێنەوە”
لەبارەی هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئەو ٨٩ خێزانەش، شەعبۆ وتى “رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM پرۆژەیەکی تایبەتى هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەم چوارچێوەیە هاوکاری ماددی خێزانەکان دەکات”.
IOM بە سێ شێوە هاوكارى ئه‌و ئاوارانه ده‌كات، ئەگەر دوخی خێزانەکە لەرووی داراییەوە زۆر خراپ بێت، خانووەیان بۆ دروست دەکات و هەزار دولاریشیان پێده‌دات، ئه‌گه‌ر پێویستییان به هەڵی کار بێت بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێ و 1700 دۆلاریشیان پێده‌دات. هه‌روه‌ها كرێی گواستنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌كانیشیان پێده‌دات كه بڕى 100 دۆلاره.
به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌مپ، رەنگە لەدوو مانگی داهاتوودا ژمارەیەکی تر له‌و ئاوارانه‌ى سه‌ر چیاى شنگال بگەرێنەوە زێدی خۆیان.