بایکۆتکردنی فەرمانبەرانی کارەبای گەرمیان. وێنە: 964
فەرمانگەکانی گەرمیان دەوامیان کرد بە نۆرە
+964
هونەر فارس – گەرمیان
دواکەوتنی موچە بەشی سەرەکی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی گەرمیانی ناچار بە نۆرەگرتن کردووە، تا پێدانی موچەکانیشیان بەم شێوەیە دەوام دەکەن.
نۆرەگرتنی فەرمانبەر لە فەرمانگەکاندا بۆ کارئاسانی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە دوای ئەو دۆخەی بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە تێی کەوتوون.
یەکێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان، بۆ 964 وتی، “بەهۆی بارودۆخمانەوە ئاسانکاریمان بۆ کراوە، ئێستا بەگوێرەی پێویستی دەوام دەکەین، هەندێکمان لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ و هەیە ئیش و کاری هاوڵاتیانی زیاتر لایە سێ رۆژ دەوام دەکات”.
تا ئێستا بە نوسراوی فەرمی هیچ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەک ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ ئەوەی دەوام بکەن بە نۆرە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەکانی 964 بەشی سەرەکی فەرمانگەکانی گەرمیان لە ئێستادا بە سیستمی خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخدا دەوام دەکەن.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئیدارەی گەرمیان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ـی وت، سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکان ئاگادار کراونەتەوە کە رەچاوی بارودۆخی فەرمانبەر بکەن و ئاسانکاریان بۆ بکەن تاوەکو دۆخی موچە یەکلایی دەبێتەوە.
964 دەزانێت، جگە لەو جێگایانەی دەوامیان کردووە بە نۆرە، لە بەشێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی گەرمیانیش بایکۆت راگەیەندراوە و تەواوی ئیش و کاری هاوڵاتیانیش پەکی کەوتووە.