هاتوچۆی سلێمانی: ئەمڕۆ سەردانمان مەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

رۆژی یەکشەممە هێڵی نێتۆرک و سێرڤەری گشتی بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆی سلێمانی وەستا و مامەڵەی نزیکەی ٢٧٠ هاوڵاتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دواخرا.

بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لەئێستادا کێشەی پچڕانی هێڵی نێتۆرک و سێرڤەری گشتی بەشی مۆڵەت چارەسەر کراوە، بەڵام مامەڵەی نزیکەی ٢٧٠ هاوڵاتی کە رۆژی یەکشەممە سەردانیان کردبوین ماوەتەوە بۆ ئەمڕۆ.

بەشی مۆڵەتی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت بۆ ئەمڕۆ کەس سەردانمان نەکات، چونکە تەنیا مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانە رایی دەکات کە رۆژی یەکشەممە ١٨ـی کانونی یەکەم سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردووە و کۆدیان وەرگرتووە.

“جگە لەو هاوڵاتییانە سبەینێ هیچ هاوڵاتییەکی تر سەردانمان نەکات بەمەبەستی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری،” بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ـ بەشی مۆڵەت وای وت.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە 964+ی وت، “کێشەکە تەنیا لە سلێمانی نیە و لە دهۆک و هەولێریش هەمان کێشە هەبووە.”

بەڵام ئازاد تەها وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ 964+ رەتیکردەوە دوێنێ یەکشەممە کێشەیان هەبوبێت لە هێڵی نێتۆرک و سێرڤەری گشتی بەشی مۆڵەت.