پڕۆژە لێدانی لۆگۆی تاکسی لە هەولێر. وێنە :964
گواستنەوەی هەولێر: 90%ـی تاکسیەکان لۆگۆیان لێداوە
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
پڕۆژە لێدانی لۆگۆی تاکسی لە هەولێر درێژەی هەیە ،تا ئێستا نزیکەی%90 تاکسیەکانی هەولێر لۆگۆیان لێداوە ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیش دەڵێت تا 1 ئەیلولی ئەمساڵ 28 هەزار و 319 تاکسی لە هەولێر لۆگۆی لێداوە.
عەبدولخالق عەلی ،بەرێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر ،بە 964ـی وت “بەشێک لە تاکسیەکان بەهۆی ئەوەی لە قەزا و ناحیەکان ئیشدەکەن و غەرامە ناکرێن، لۆگۆی تاکسیان لێنەداوە، ئەو تاکسیانەی توشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن و ئۆتۆمبێلەکانیان بۆیە دەکەن، لۆگۆیان بۆ لێدەدەنەوە و کارەکانیان بەردەوامە”.
بەپێی زانیاریەکانی 964، نزیکەی 37 هەزار تاکسی لە هەولێر هەیە، بە گوێرەی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆش تا پێش مانگی تەمموز، حەوت مانگ دەرفەت دراوە تا شوفێرانی تاکسی لەزگە و لۆگۆکان لە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن، بەڵام لە دوای 15ـی تەمموزی ئەمساڵ، هەر تاکسیەک بێ لۆگۆ ببینرێت بە 40 هەزار دینار، سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بە 964ـی وت “شوفێر هەبووە غەرامە کراوە، هەر تاکسیەک بەبێ لۆگۆ، بکەوێتە نێو مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، مامەڵەکانی شوفێری لێوەردەگیرێت و غەرامە دەکرێت”.
بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتەكانی گواستنەوە و ناوخۆ ، پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی، ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە ڕۆژانە هاتووچۆ بە تاکسی دەکەن بۆ بازاڕ و شوێنی کارکردنیان.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن