بەغدا لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونکردنەوە دەدات
964+
فەهمی نەبی
وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، “تەواوی ئەرکە داراییەکان کە لەسەر حکومەتی عێراقی بووە بەجێمان گەیاندووە”.
ئەمڕۆ هەینی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵی زۆریدا تا مانگی شەش لەگەڵ هەرێم بگاتە رێکەوتنی تەواوەتی، هەروەها ئەوەش دەڵێت، ئەو پارەیەی لە ئەستۆی هەرێم بووە سێ ئەوەندەی ئەو پشکە بووە کە دەبوو بەغدا بینێرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسم عەوادی دەڵێت، حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و غەیرە نەوتی رادەست نەکردووە وەک ئەوەی لەیاسای بودجەدا هاتووە، هاوکات حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لەرێگەی دوو بانکەوە قەرز بداتە حکومەتی هەرێم تا ئەو کاتەی کێشەکان بەتەواوی چارەسەر دەبن.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکردووە، “پابەندبوون بە یاسا و رێککەوتنەکان کورتترین رێگەیە بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و گواستنەوەی شایستە داراییەکان”.
ئەو قسانەی باسم عەوادی لەکاتێکدایە رۆژی 4.9.2023 وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “بەغدا سیاسەتی برسیکردنی بەرامبەر هەرێم پەیڕەو کردووە و پابەندی رێکەوتنەکان نەبوون”.
دواتر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم وتی، “بەغدا کەمتر لە پارێزگایەکی عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم دەکات، سەرەڕای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق داناخەین”.