لە پاش خۆپیشاندانەکان

لەسەر سووتاندنی ئاڵای عێراق دوو کەس لە کەرکوک گیراون

964+
ژووری هەواڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوو هاوڵاتی دانیشتووی کەرکوکی بە تۆمەتی سووتاندنی ئاڵای وڵاتەکە دەستگیرکردووە.

دەزگاکە دەڵێت، ئەو دوو کەسە ڤیدیۆی سووتاندنی ئاڵای عێراقیان کردووە و لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویانکردووەتەوە.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکە رۆژی پێنجشەممە، 7.9.2023 بووە.

دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەو رووداوانەی لە پارێزگای کەرکوک روویاندا لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە، زانیاری هەواڵگری لەسەر کۆمەڵێک کەس لەبەردەستدا بوو کە لە گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی دەرکەوتوون و تیایدا ئاڵای عێراق سووتێنرا، ئەمەش کاردانەوەی جه‌ماوه‌ری لێکەوتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەستبەجێ مەفرەزەکانی دەزگاکەمان دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەریی بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا لە پارێزگاکەدا جوڵەیان کرد و دوو کەسیان دەستگیرکرد”.