ئەگەر قورئانخوین پارەی زیادی لێ وەرگرتن سکاڵا تۆمار بکەن
964+
دیلان محەمەد جەزا
لەکاتی پرسەدا هەر قورئان خوێنێک پارەی زیادی لە خاوەن پرسە وەرگرت، دەتوانن سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن لە ئەوقافی سلێمانی، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
هەر قورئان خوێنێک بۆ یەک رۆژ قورئان خوێندن بڕی 75 هەزار دیناری بۆ دیاریکراوە هاوڵاتی بیداتێ.
مامۆستا عەتا پێنجوێنی جێگری لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان بە 964ـی وت، کەسانێک لە کاتی بوونی پرسە و بۆنە ئاینیەکاندا قورئان خوێن بانگهێشت دەکەن، هەندێک جار پارەیەکی زۆر وەردەگیرێت لەبری قورئان خوێندن و جار هەیە یەک ملیۆن دینار وەرگیراوە.
وتیشی، پێویستە ئەو کەسەی پارەی زیادی لێوەرگیرا سەردانی ئەوقافی سلێمانی بکات و سکاڵا لەسەر ئەو قورئان خوێنە تۆمار بکات.
ئەو کەسەی سکاڵای لێدەکرێت گەر فەرمانبەری ئەوقاف بێت رێکاری کارگێڕی لەگەڵ دەگیرێتە بەر، ئەگەر فەرمانبەر نەبێت لە رێگەی مزگەوتەکانەوە رێگری لێدەکرێت بەشداری هیچ پرسەیەک بکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی