شۆفێران ئاگاداربن
سبەی سێ کامێرای دیکەی پۆینت تو پۆینت لەنوێ سزاکان هەژمار دەکەن
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە بەیانی کامێرای پۆینت تو پۆینتی شەقامی 120 مەتری هەولێر سزای شۆفیران هەژماربکات، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر کەوتەکار.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە بێت، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داویەتی، سبەی 6.9.2023 ئەو کامێرایانەی بە ئاراستەی رێگای کەرکوک بۆ رێگای موسڵ دانراون لەسەر شەقامی 120 مەتری دەکەونە کار و وێنەی سزاکان تۆماردەکەن.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ 964 وتی، “بەیانی سێ کامێرای دیکەی پۆینت تو پۆینت دەکەوێتەکار و بەهەمان میکانیزم سزاکان تۆماردەکەن، پێشتریش دوو کامێرای دیکەمان هەبوو دەبێتە پێنج کامێرا”.
ناوەڕاستی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ، دوو کامێرای پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگای کەرکوک بۆ رێگای بنەسڵاوە کاراکرا، دوای هەشت مانگ ئینجا سێ کامێرای دیکە دەکەوێتە کار.
میکانیزمی دانانی کامێراکان هێندە ئاسان نییە، بۆیە نەتوانراوە تا ئێستا هەموو کامێراکان بەدرێژایی شەقامی 120 مەتری دابنرێن، ئەمەش بەوتەی فازڵ حاجی.