دیمه‌نێكی پڕۆژه‌ى دووسایدی سپیلك - خه‌لیفان كه كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه .... وێنه: راگه‌یاندنى ئیداره‌ى سۆران
دروستكردنى دوكان و كه‌پر له‌سه‌ر دوو سایدی سپیلك – خه‌لیفان قه‌ده‌غه‌یه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پڕۆژه‌ى دووسایدى سپیلك – خه‌لیفان له ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، هێشتا كاره‌كانى ته‌واو نه‌كراوه، به‌ڵام وته‌بێژى ئه‌و ئیداره‌یه ده‌ڵێت، به بڕیاری سه‌رۆكى حكومه‌ت قه‌ده‌غه كراوه هیچ دوكان و كه‌پرێك له‌سه‌ر ئه‌و دووسایده دروستبكرێت.
ماوه‌ى ساڵێكه ده‌ست به‌كاره‌كانى پڕۆژه‌ى دووسایدى سپیلك – خه‌لیفان كراوه، درێژى دووسایده‌كه 10 كیلۆمه‌تره و بڕى بودجه‌ى ته‌رخانكراویش 76 ملیار و 500 ملیۆن دیناره.
هەژار حەكیم، وته‌بێژى ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 964ـی راگەیاند، كاتێك له مانگى ئه‌یلوولى پارساڵ، سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى دانا، رایگه‌یاند كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوكان و كه‌پر له‌سه‌ر ئه‌و دوو سایده دروستبكرێن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “دواى ته‌واوبوونى پڕۆژه‌كه شوێنى تایبه‌ت بۆ خاوه‌نكارانى ئه‌م سنووره ده‌ستنیشان ده‌كرێت، كه به‌سه‌دان كه‌س سوودمه‌ندى ته‌واوكردنى ئه‌و دووسایده ده‌بن”.
ئاشكراشی كرد، پڕۆژه‌كه 24 كاتژمێر و به به‌رده‌وامى كارى تێدا ده‌كرێت و تا ئێستاش 45% پڕۆژه‌كه ته‌واو كراوه.
وتیشی “به‌هۆى بوونى به‌ربه‌ستى شاخ له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه و بارانبارینیش له زستاندا، ئه‌و پڕۆژه‌یه دواكه‌وتووه”.