ژاوەژاوی سلێمانی پێوانە دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لە سلێمانی بە ئامێری تایبەت رێژەی ژاوەژاو لە چەند شوێنێک پێوانە کرا، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی پارێزگاکەش دەڵێت، توێژینەوە دەکرێت و کاریگەرییەکانی ژاوەژاو لەسەر روودانی بوومەلەرزە دەستنیشاندەکرێت.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، “ئاستی وەڵامدانەوەی زەوی سلێمانی بۆ بومەلەرزە پێوانە دەکرێت، ئەو ناوچانە دیاریدەکرێن کە دەکەونە بەر کاریگەری بومەلەرزە.”
رێژەی ژاوەژاوی ناوچەکانی نزیک پارکی ئازادی و پارکی هەواری شار پێوانەکراون، لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری و نزیک چاڤی لاندیش هەمان توێژینەوە ئەنجامدەدرێت.
ئاسۆ کەمال بە 964+ی وت، دەیانەوێت هۆکاری ئەوە بزانن کە بۆچی کاتێک بومەلەرزە روودەدات لە هەندێک شوێنی سلێمانی هەستیپێدەکرێت و لەهەندێک شوێنی دیکە هەستیپێناکرێت.
ئامێری پێوانەکردنی ژاوەژاو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی دابینکراوە و توێژینەوەکە لەلایەن داتا سەنتەری بومەلەرزەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە شوێنە قەرەباڵغەکانی شار جێبەجێدەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، كۆمپانیای ئێری تێكنۆلۆجی مامۆستایەکی کوردی زانکۆی باھاوی ئەڵمانیا هاوکار دەبن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکە.